لە کاتێکدا کە ئێستا وا کۆنفڕانسی کەشوهەوا لە بۆن، سەرقاڵی ڕێگەچارەیەکە بۆ پاراستنی جیهان لە ماك و دەرئەنجامەکانی گەرمبوونەوەی گۆی زەوی و قەتیسبوونی گەرمی خۆر لە ئەتمۆسفێری گلۆبالدا، وا جیهان ڕووبەڕووی کۆمەڵێ کارەساتی سروشتی دەبێتەوە، دوا کارەسات بومەلەرزەکەی ناوچەی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان بوو لە ١٣ ی ئەم مانگەدا و بە هێزێك بە بڕی ٧،٣، کە قوربانیەکی زۆری لێکەوتەوە و زیانێ...کی زۆری لە ماڵك و ماڵی دانیشتوان دا. ئاشکرایە کە لە ئێستادا، مرۆڤ و ژینگە کەوتوونەتە نێو هاوکێشەیەکی ناهاوسەنگەوە، کاتێ مرۆڤ بە کردار و ڕەفتار و تاڵانکردنی سامان و دەرامەتی سروشت سەرقاڵ بووە و هەر خۆی بووەتە هەڕەشە لەسەر ژینگەکەی و بەو ئابووریە کلاسیکیەی هەر لە خەمی داهات و دراوەکەی بوو، بێ ئەوەی ڕەچاوی هیچ لە کاردانەوەکانی بکات، تا وای لێ هات کاردانەوەی ژینگە هەر خۆی بووە هەرەشە نەك هەر لەسەر مرۆڤ بەڵکو لەسەر تەواوی زیندەوەر و دامەزراو و پێگەی ژیانی سەر گۆی زەوی.
ڕاستە بومەلەرزە ڕووداوێکی سروشتیە و زەحمەت بتوانرێ ڕێ لە زیانەکانی بگیرێ، بەڵام دەتوانرێ زیانەکەی تا ڕادەیەك سنووردار بکرێ، زانست باشترین یارمەتیدەرە بۆ بنیاتنانێکی توندوتۆڵی خانو و باڵەخانە و پرد و بەنداو و شوێنە گشتیەکان، تا بە هەژین و زەمینلەرزەیەکی کەم دانەڕوخێ، کەرەستە و پلانی بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی مۆدێرن، کارەساتەکانی سروشت ڕەچاو دەکات و دەتوانێ کەرەستەکانی خانوبەرە تا ڕادەیەك بە جۆرێك بەرهەم بهێنێ کە بەرگری لەرە و هەژاندنی بومەلەرزە بکەن و نەیەڵن زیانەکانی زیاتر بێت.
ئێمە وەکو ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی هاوخەمی خۆمان بۆ ڕوودانی ئەم کارەساتە سروشتیە لە کوردستاندا دەردەبڕین، هیوادارین هەر کەس لە توانایدا بێت بەشداری کۆمەك و یارمەتیدانی لێقەوماوان و دەربەدەرەکان بکات، بە تایبەت کە باشوری کوردستان بە قۆناخێکی سەختی قەیران و کێشەی سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێت، وە ئومێدەوارین کە جەماوەر بە بڕواوە کار لە سەر وشیاری ژنگەیی و پاراستنی ژینگە بکات لە دەوروبەری خۆی، کە دەرئەنجامی ئەرێنی لەسەر تەواوی دونیادا دەبێت.
ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی - کوردستانی