کاتێ مرۆڤ ویستی سروشت بکاتە سەرچاوەی ئابووری و پاشان سەرچاوەی دەسەڵاتی خۆی، سروشت کەوتە جێ لەقکردنی مرۆڤ و شێواندنی ئاسایش و ئارامی هەروەك ئەمڕۆ لەسەر شانۆی زۆربەی کیشوەرەکان دەبینین چۆن لافاو بوونی مرۆڤ ڕادەماڵێ و چۆن ئاگرکەوتنەوە و زریان و بارانی بەخوڕ ژیانی لە دانیشتوان هەراسان کردووە، ئێستا مرۆڤ وا لە ژێر دەسەڵاتی سروشتدا دەناڵێنێ.
کۆنفرانسەکانی نێودەوڵەتی هەمیشە جەخت لەسەر کەمکردنەوەی چالاکیەکانی ئابووری و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزەی نەوت و خەڵوز دەکەن، بڕیارەکان، بۆ زیادکردنی ڕێژەی بەکارهێنانی وزەی نوێ و وزەی دوبارە دەدرێت.
لەبەر ئەوەی ژینگە سنووری نیە، بۆیە کێشەکانی ژینگە لە هەر شوێنێك بێت، کاردانەوەی نێگەتیڤی لەسەر شوێنەکانی تر دەبێت، بۆ پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموو تاك و حزب و ڕێکخراو و دەسەڵاتێکە لە جیهاندا زۆر لۆژیکانە مامەڵە لەگەڵ بەرهەمهێنان و ئابووری و سامانە سروشتیەکان بکات و سامانی سروشتی بنبڕ نەکات و هەمیشە لە خەمی نەوەکانی پاش خۆی بێت.
ئێمەش وەکو ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی- کوردستانی، هەمیشە لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی وشیاری و پەروەردەیی ژینگەین بۆ هەموو ئاست و توێژ و تەمەنێك تا هەموو تاکێکی کۆمەڵگا هەر لە ڕێی وشیاریەوە بتوانێ بەشداری پاراستنی ئاسایشی و ئارامی خۆی و دەوروبەری بکات لە زاڵبوونی کارەساتەکانی سروشت بەسەر مرۆڤ و مرۆڤایەتیدا لە هەموو جیهان.
ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی