وزە و ئاو دوو فاکتەری گرنگی دەسەڵات لە جیهاندا و
کوردستان دەکەوێتە کوێی ئەم فاکتەرانەوە
د. مەدیحە سۆفی
هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی _ کوردستانی
بەشی حەوتەم
لەگەڵ ڕزگارکردنی کۆبانی لەسەر دەستی بەرخودانی شەڕڤانە بەئەمەك و ئازا و خۆنەویستەکانا، جیهان بەگشتی ئاشنا بوو بە شێوەیەك لە شێوەکانی توانای مرۆیی کە تا ئەو کاتە پەی پێ نەبرابوو، زیاتر بڵێین توانای ژنی خەباتگێڕی کورد لە شەڕی دژ بەو گروپە تیرۆرستەی بە ( داعش ) ناودەبرێت، پێناسەیەکی نوێی دا بە ژن لە جیهاندا، جگە لەمەش چەند گرەوداریەکی نوێ هاتنە کایەوە لەوانە دوبارە تێکەڵکردنی کارتی یاریکردن بە جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و ئەگەری گۆڕانە بێ مەرجەکانی، ووردتر بڵێین بیرۆکەی گەیشتنی کوردی بەرەو کەنار دەریا کردە بابەتی باسکردن لە جیهانی ئابووری و سیاسیدا.
ستراتیژی کەوتنەسەر دەریا، هەر لە مێژەوە قورسایی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆیی خۆی هەیە، بەهۆی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی بازرگانی و مامەڵەکردن و هاتووچۆوە ئەو شارانە سیمایەکی دیکەی جیاوازی لە شارە داخراوەکان دەبێت، بەتایبەت بۆ هەناردە و هێنانی بازرگانی و لەوەش گرنگتر بابەتی وزە کە بڕبڕەی پشتی بواری پیشەسازیە.
ئەگەر دەریای ڕەش وەکو نمونە وەرگرین، دەبینین چەند بووەتە جێگای گرنگیدان لەلایەن ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمریکاو تەنانەت لەلایەن ناتۆشەوە، ئەم دەریایەش بەهۆی تەنگەی بۆسپۆرۆس و دەردەنیلەوە بە دەریای سپیەوە بەستراوەتەوە.
پێشتر ئەمریکا بۆ پشتگوێ خستنی ڕوسیا و وزەی ڕوسیا، بۆ زیاترکردنی دەسەڵات لەسەر کەنارەکانی دەریای ڕەش، جەختی لەسەر هاتنی ڕومانیا و بولگاریا بۆ نێو ناتۆ کرد، ئەوەبوو لە ساڵی ٢٠٠٤ وەرگیران، ئەوروپاش هەر لەم سۆنگەیەوە و بۆ بەرکەوتنی بەشێك لە کەنارەکانی دەریای ڕەش هەستا بە وەرگرتنی ئەو دوو وڵاتە لە نێو یەکێتی ئەوروپا.
لێرەدا دوبارە دەڵێین ئابووری سیاسەت ئاراستە دەکات، هەرچی گۆڕانێك و ڕێفۆڕمێك لەلایەن دەسڵاتدارانی جیهانەوە دەکرێت، بیردۆزەکەی هەر وزە و دەسەڵاتی وزەیە، بەڵام کاتێ وڵاتی خاوەن وزە جوگرافیای داخراو بێت و دەروازەی دەریای نەبێت، پەیوەندی نێودەوڵەتی بازرگانی دەچێتە نێو چوارچێوەیەکی قورسترەوە، بۆ نمونە باشوری کوردستان.
لیرەدا تورکیا زۆرترین قازانجی لە پەڕینەوەی وزە بەرەو ئەوروپا و ئەمریکا کردووە، زیاتر لە دە ساڵە تورکیا ڕێژەی گەشەی ئابووری دەگاتە ٤،٣% لە ساڵێکدا، یەکێکە لە وڵاتە تازەگەشەکردووەکان و لە ساڵی ٢٠١٤ لە ڕیزبەندی هەژدەهەمینی (١٨) وڵاتانی جیهان بوو و ئۆردوگان دەیەوێ تا ساڵی ٢٠٢٣ و لە یادی سەدەمین ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا ببێتە یەکێك لە دە وڵاتی یەکەم لە جیهاندا.
دیارە دەسەڵاتی تورکیا هەر لەوەدا چڕ نابێتەوە لەوەی لە بواری ئابووریدا پێگەی بگۆڕێ بەڵکو لە بواری چەتری دەسەڵاتیشدا بۆیە دەپرسین :
یەکەم : چی ئەم خەونەی بۆ فەراهەم دەکات؟
دووەم : چۆن نەخشە سوڵتانیەکەی دادەڕێژێت؟
دیارە لە کورد باشتر و ئاگادارتر نیە بۆ وڵام، بوونی کەناری دەریا و دەربەند بۆ پەڕینەوەی وزە و بەستنەوەی دەریای ڕەش بو دەریای سپیەوە و بیردۆزی فراوانکردنی دەسەڵات پێگەی تورکیای بەرەو هەڵاوسان و نێونەتەوەیی برد، بەڵام بەرەو دیکتاتۆریش، بوونی وزەش لە کوردستاندا کوردستانی بەرەو خەون برد بەڵام بەرەو کۆیلەبوونیش.
تورکیا تەنها نەوتی پێدا دەڕۆیشت پەلی نێودەوڵی هاویشت، کوردستان کە خاوەنی نەوتە بەرەو پوکانەوە، ئەی کە تورکیا خاوەنی نەوت بێت دەبێ چی بکات؟
بۆیە ئاراستەی ئەکەپە بەرەو باشوری کوردستان وەکو فریاڕەسێکی نمایشاکار گۆڕا، دیارە دووربینی زلهێزەکانیش دەمێکە چاودێرن و لە دڵەڕاوکێدان، بۆیە لێرەدا چ بوونی وزە لە کوردستان و چ بۆ ڕزگاربوون لە پلانی دیکتاتۆری ئۆردوگان و لەهەمووی سەنگێ پتەوتر بوونی سامانی مرۆییەکی ئازا و بەرخودانێکی بێ وچان لە ڕۆژئاوا، کە هەمووی پێکەوە نەخشەیەکی نوێی هاوپەیمانی داڕێژا کە بەپێی بەدواداچوونی شارەزایان بەرەو دەربەندی دەریای ناوەڕاست دەڕوات و هەر بەوەش ئەمریکا و ئەوروپا دەیانەوێ خۆیان لەژێر باری منەتی تورکیاڕزگار بکەن کە دەمێکە بێزارن لێی بەڵام ناچارن.
ئەوەی ئێستا دەسەلمێنرێ ڕاستیەکی ڕوون و ئاشکرایە، کە تورکیا خاوەنی حیساب و کتابی ئابووری کوردستانە، نەك ئەو ئابووریەی کە برسێتی کوردستانە بەڵکو ئەو ئابووریەی هۆکاری برسێتیەکەیەتی بۆیە :
ناردنی زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی باشوری کوردستان بەرەو تورکیا و بەتاڵی گیرفانی باشور خۆی؟
توانای شەڕی تورکیا سەرەرای ڕوخانی ئابووریەکەی؟
بێ منەتی تورکیا لە دەوروبەر و خستنی فرۆکەی ڕوسی و هەڕەشەکردنی لە ئەوروپا؟

ئەمانە هەمووی لەسەر پێوانەی قوتی خەڵکی ماندووی کوردستانە، لەسەر پێوانەی تاكڕەوی و ناڕوونی بواری ئابووری و سیاسی کە ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر تەواوی بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و سایکۆلۆژی دەبێت و وەکو هەیەتی.
لێرەدا ئەرکی نووسەر، بە بێ جیاوازی، توێژەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و ئابووری و چالاکوان و مامۆستای زانکۆ و سەنتەری توێژینەوەکانی نێو زانکۆ (ئەگەر هەبێ ) و هەموو تاکێکی کوردە کە بێتە دەنگ و لێپرسراوە لەسەر داواکردنی مافی هیچ نەبێ قوتی خەڵك کە بۆ زیاتر لە دوو ساڵە قۆڕخ کراوە.
د. مەدیحە سۆفی
هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی - کوردستانی

مقالات

Default Image

المستقبل للدول غير المتقاعسة مناخياً

المصادقة على اتفاقية باريس حول تغيّر المناخ تؤشّر إلى عصر جديد، تحكمه قواعد مختلفة عما كان سائداً من قبل. قبل مؤتمر باريس العام الماضي، كان البعض يراهن على أن الاتفاق لن يحصل، والنتيجة كانت توقيع مئتي دولة، بما فيها الملوثان الأكبران الولايات المتحدة والصين.…

دستور اقليم كردستان باللغة الكردية

الإعلان العالمي لحقوق الإنسان

دستور اقليم كردستان باللغة العربية

Go to top